اوت 15, 2009 at 9:13 ق.ظ. بیان دیدگاه

کاژیک(1959-1975)..رەوتى بیرى کوردستانى.. دژایەتى سنوورە دەسکردەکانء ململانێ لەگەڵ مارکسییەکان
* مارکسییەکان بۆ گاڵتەپێکردن بە کوردستانیان دەوت قلیاسانء دەیانوت کورد نەتەوە نییە.
* چەپەکان لەناو پارتیدا بەهێزبوون.. نەتەوەییەکانیش دەیانویست کاریگەرییان لەسەر بارزانى هەبێت.
* خێرخوازێک ژیانى ئەحمەد هەردى لەدەستى مەفرەزەیەکى پارتى رزگار دەکات.
* کێ (عوسمانى ئامەى) هاندا قەسابخانەى (کانى ماسى) بۆ شیوعیەکان ساز بکات
. ئا: نزار

ئەمڕۆ نەک هەر ر ِەوتێکى نەتەوەیى بەشێوەیەکى سروشتى لە دەرئەنجامى ئەو هەموو سوکایەتیەى کە شۆفێنزمى عەرەبەکان و فارسەکان و تورکەکان و بە خاک و مرۆڤى کوردى دەکەن لە کوردستاندا بونى نیە، بەڵکو کورد بون بۆ خۆى لە کاڵبونەوەدایە لە ئەنجامى گەندەڵى ئیدارەى کوردى و دروستبوونى ستافێک لە دارەوە بۆ دۆلار کورتە عەقڵى سیاسیانە ..ئەمە ڕووى ڕاستى هەستى ناسیۆنالستى کوردیە لە ئەمڕۆدا کە دەبوایە لەبەردەمى گورگە داگیر کەرەکان و شێرە بەفرینەکانى ناوخۆ بوونى هەبێت بەڵام ناتوانێ کێبڕکێ لەگەڵ فیمینیزمى کوردى بکات کەلە کوشتنى دوعا دا دەرکەوت چەند بەهێزو چالاکن ، لە کاتێکدا تورک سوپاى هێناوەتە سەر سنورى دەستکرد کوردایەتى و خەوتوە، ئێران تۆپبارانمان دەکات و کورد بون گوێى لێنیە، کەرکوک وا ئەدۆڕێت کەس خۆى بە ساحێبى نازانێت ، کۆلێراش بڵاو بوە وەوە کابینەى حوکمەت پێى عەیب نیە بەردەوام بێت و دەنگى خەڵکیش نابیستێت داواى وازهێنانیان یان گۆرین بکات . لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ کۆتاى پەنجاکان کە کۆمەڵگاى کوردى خاوەنى کاردانەوە بوو ،دەنگى ناناڕازى دەبیسترا، ئەوکاتە کورد بوون دژى ئەو شەپۆلە توندە ڕادەوەستا کە جەمسەرێکى گەورەى جیهان پشگیرى لێدە کرد…

شەپۆلى چەپى عەقڵ داگیر کەر چێتى و زورنا ژەنین بۆ عێراق چێتى و بە عەیب زانینى کورد بوون ئینکار کردنى جوگرافیاى کوردستان. وەک دیاردەیەکى زەق سەرى هەڵدابوو ، کاژیک ( کۆمەڵەى ئازادى و ژیانەوە و یەکێتى کورد ) وەک کاردانەوەیەک لەو سەردەمەدا 14/4/1959 لەسەر دەستى کۆمەڵى لاوى نەتەوەى رسکا… کامیل ژیر کە ئەمڕۆ تەمەنى (74) ساڵە لاوێتى خۆى و شعرى خۆى لە پێناوى ئەو ڕێبازەدا تەرخانکرد و ئەمڕۆش چیژ لە گێرانەوەى ئەو سەر دەمانە وەر دەگرێت کە کاژیکى تیا دروست بوو ، مامۆستا پێى باش بوو سەرەتا باسى ئەو هەل و مەرجەمان بۆ بکات کە پێداویستى دامەزراندنى کاژیکى هێنایە ئاراوە لەم بارەیەوە وتى : بەر لە هەرەسى پاشایەتى کەسەر بە بلۆکى ڕۆژئاوا بو چەپى کورد واى بڵاو کردەوە ئەگەر ڕژێمێکى سەربە بلۆکى رۆژ هەڵات و کۆمۆنیست ببێتە فەرمانرە وا لە عێراقدا –ئەوا گەلى کورد بە تەواوى مافەکانى دەکات ، بەڵام کە کودەتاى 14 ى تەموز رویدا و قاسمى لایەنگرى چەپ هاتە سەر تەخت و هیچى بۆ کورد نەکرد ، ئەوەش کە لە دەستوردا نووسرابوو کوردو عەرەب شەریکن لە عێراقدا هەر مرەکەبى سەر کاغەز بوو، جگە لەوەش هەندێ دیاردە سەرى هەڵدا بۆ نمونە رۆژنامەى ( الپورە ) لە ژێرسایەى قاسمدا دەردەچوو بە ئاشکرا بانگەوازى بۆ تواندنەوەى کورد ئەکرد ، چەپى کوردیش بە تایبەتى لە حزبى شیوعى دەستى خستبوە کاروبارى پارتیەوە و چەند ئەندامێکیان ئەندامى لیژنەى مەرکەزى پارتى بون ، وەک : حەمید عوسمان ،خەسرەو تۆفیق ، دکتۆر مورادێک کە لە سۆڤیەتەوە هاتبوەوە ، ێالح حەیدەرى و ………… هتد

ئەمانە هەوڵیاندا رێکخراوەکانیش بخەنە ناو حزبى شیوعیەوە بو بە کۆمەڵەى رۆشنبیرى کورد نەوەیان بە پێویست زانى کە حزبێکى یان رێکخستنى سیاسى نەتەوەى دروستکەر ،بە تایبەتى پارتى بۆ خۆیشى چەندین سەرکردەى پلە بەرزیان ببرى چەبیان هەبوو وەک ، هەمزە عەبدوڵا ،برایم ئەحمەد و دواتریش مام جلال ، لە هەموو لایەکەوە خواستى بۆ نەتەوەیى هەبوو ، کاژیک لەم بۆشاییدا دروستبوو . مامۆستا فایەق عارف کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانى کاژیک و ناوێکى ناسراوە لە خەباتى بیرى نەتەوەیى کوردى ، جەختى لە سەر ئەو هەل و مەرجە کردەوە و نمونەیەکى لەم بارەیەوە هێنایەوە و وتى : دواى هاتنى قاسم لە تەموزى 1958 بە دوو مانگ من و مامۆستا جەمال نەبەز پێمان باشبوو بیرو بۆچونى دەسەڵاتدارانى تازەى بەغدا بزانین،بۆیە هەستاین یاداشتنامەیەکمان بۆ دامەزراندنى مەعاریفى کوردستان گەڵا ڵەکرد تەنیا 12 مامۆستامان دەست کەوت کە ئیمزا لەسەر یاداشتەکە بکات ، بردمان بۆ بەغدا و دامانە وەزیرى مەعاریفى عێراقى ،لەم یاداشتە جابر عومەر کەوەزیرى مەعاریف دەبێت زۆر توڕە دەبێت و دەنیرێت بە دواى ئیبراهیم ئەحمەد و پێى دەڵێت کە ئەم یاداشتە ئنفێالیەتە، فایەق عارف دەڵێت ئیبراهیم ئەحمەد بەهەڵە داوان هات بۆ دوکانەکەى بە شیر مشیرو هەڵوێستى جابر عومەرى بۆ گێڕاینەوە و وتیشى من لاى جابر وتومە کە ئەمە شوعیەکان نوسیویانە ،هەمزە عەبدوڵاو رەفیق حیلمى کە لە وێ بون سەرزەنشتیان کرد…بەڵام چەپەکان گاڵتەیان بەو یاداشتنامەیە دەکرد و بۆ سوکا یەتیکردن بە وشەى کوردستانیان دەوت قلیاسان هەروەک چۆن سووکایەتیان بە کورد دەکرد و دەیان ووت کورد ئومە نیە، مامۆستا فایەق وردەکارى دامەزراندنى کاژیکى بۆ باسکردین وتى کاژێک لە کۆبوونەوەى سێ باڵ هاتەکایەوە کە بریتى بوو : یەکەم :

فایەق عارف ، کامیل ژیر ، جەمال نەبەز ، ئیحسان عبد الکریم ، دووەم:ئەحمەد هەردى ، عەبدوڵا جەوهەر ، کەریمى مەکتەبە ، شێرکۆ بێکەس ، فەرەیدون عەلى ئەمین ، هەروەها مامۆستا عەلى ساماغا سێهەم : بریتی بوو لە حەمەى عەزیز، شێخ محەمەدى هەرسین ، عەبدوڵا ئاگرین ، غەفور ئەمین و چەند کەسێک تر پێکهاتبوو سەربەپارتى گەلى کورد کە پارتێکى نەتەوەیى بوو ، کاژیک پارتێک نەبوو بەئاشکراو سەر بەخۆ بنکەو بارەگاى خۆى هەبێت بەڵکو شێوازى کارکردنەکەى بوە هۆى ئەوەى کاژیک لە پەراوێزدا بمێنێتەوە بەڵام سەبارەت بەمە رایەکى جیاواز هەیە وکامل ژیر دەڵێت : بە پێچەوانەوە کاژیک حیزبێکى سەربەخۆ بوو، خاوەنى رێکخستنى سەر بەخۆى خۆى بوو ، سەرکردایەتى خۆى هە بوو، بیرو باوەڕى سترا تیژیى جیاوازى هەبوو ، ئەدەبیاتى جیاوازى خۆى هەبوو وەک (……، کاژیکنامە ، …..، نەوەى کورد ….، هتد. غەفور ئەمین کە ئەندامى کاژیک بووە ئەمڕۆش زۆربەى کاتى خۆى بە باسى سیاسەت بەسەر دەبات سەبارەت بە کارى کاژیک دەڵێت : ئێمە دوو مەبەستمان دەپێکا یەکەمیان لە ناو پارتیدا بیرو باوەڕى خۆمان بڵاو دەکردەوە، دووەمیشیان لە کاتى شەردا گوزەرانى پێشمەرگەمان دابین دەکرد .بەڵێ کاژیک توانى خۆ بگەیەنێتە بارەگاى بارزانى هەر یەک لە حەمەى عەزیزو شێخ محەمەدى هەرسین کەسایەتى نزیکى بارزانى بوون ، لەکاتێکدا بیرى چەپ لەناو پارتی دا هێڵێکى بەهێزبوو کاژێک دەیویست کاریگەرى لەسەر بارزانى هەبێت، لەم بارەیەوە کامیل ژیر ئەڵێت چوونى ئەوان واى کرد پێشمەرگەکانى کاژیک لە ڕاوەدوونان پارێزراوبن ، هەروەها لە ڕووى نەتەوەیشەوە کاریگەرییان هەبێت .

ئیدریس بارزانى زۆر بە بیرو بۆچوونەکانى کاژیک سەرسام بووە ، کامیل ژیر دەڵێت : نێچیرەڤان بارزانى لە کۆنگرەى یانزەى پارتى پێى ڕاگەیاندم کە ئیدریس بارزانى باوکى هەمیشە بەڕێزەوە باسى کاژیکى بۆ کردوە. ئەندامانى پێشوى کاژیک سەبارەت بە گەشە نەکردنى کاژیک پێیان وایە کە کورد هێشتا قەناعەت و هۆشیارى نەتەوەیى لا دروست نەبوە یان شەڕى بۆ ئیسلام کردوەو وەک داردەستێک بەکارهاتوە یان بووە بە مارکسى و وەک پاشکۆیەک بووە ، سەبارەت بە کاژیکیش پێیان وایە هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلول دواى دوو ساڵ لە دامەزراندنى کاژیک بارو دۆخەکەى گۆڕى و شۆڕشى چەکدارى دژى قاسم چوە پێش هۆشیارى و بیرو باوەر.

هاوبیرانى کاژیک لە ژێر گوشاردابوون ، شەڕە بە یاننامە لەگەڵ پارتى لە ئارادا هەبوو، لەگەڵ حیزبى شوعى ململا نێ ى توند هەبوو.داگیرکەران کوردستانیش بە خوێنى سەریان تینو بوون،جارێکیان عەلى سنجارى پەلامارى دێیەکى شارباژێر دەدات بۆ ئەوەى ئەحمەد هەردى دەستگیر بکات بەڵام لە لایەن حەمەومین ئاغا ى مۆرک گەورەى ئەو گوندەوە گیانى لە مردن ڕزگار دەکرێت ، جگە لەوەى ماڵى هەندێ کەسى نەتەوەیى لە لایەن ناحەزانى بیرو باوەڕەوە ئیشارەتکراوە تا لە دەرفەتێکدا لە ناو ببرێن ، لە ڕووى دەستوریشەوەحوکمى ئیعدام بەسەر سەربەخۆ خوازەکان دەدرا ، لە ناو ئەو ئاڵۆزیەدا فەتاح ئاغا ، سەعید گەوهەر ، حەمە ساڵح هیتلەر ، مامۆستا عزەت و چەندین ناوى تر کادر و پێشمەرگەى جەربەزەى بیرى نەتەوەیى بوون ، ڕۆشنبیرانى قەڵەم بەدەستى نەتەوەیى وەک فەرەیدون عەلى ئەمین فشارى دەرونیشى لەسەر بوو ،جەمال نەبەز قەڵەمێکى نوکتیژبوو بە کتێبێک وەڵامى حەمەى مەلاکەریمى دایەوە کەبەعەقڵێکى چەپەوە بە دژ نامیلکە شیعرى کوردایەتى کامیل ژیردا چووبوو .لەمالومەش گۆڤارى مامۆستاى کورد دەردەچو کە ناوە ڕۆکێکى نەتەوەیى هەبوو ،هەروەها بڵاو کراوەى چراى کوردستان کە گۆڤارى یەکێتى لاوانى نەتەوەى کورد سەر بە کاژیک و هەروەها نەوەى کورد گۆڤارى یەکێتى مامۆستایانى نەتەوەیى کورد بوو. بەڵام لە ژیانى کاژیکدا خاڵێکى ڕەشى دروستکراو هەیە کە بریتیە لە ڕووداوى کانى ماسى ،کە لە هەلومەرجێکى نادیاردا لەساڵى 1964 چەند کەسێک کە لەسەر حیزبى شوعى ماڵبوون بەدەستى بەدەستى چەند کەسێک کوژران کە لەناو خەڵکدا ئەو بکوژانە بە کاژیک ناسراو بوون، لەناو ئەوانیشدا عوسمانى ئامە کە سەر بە ڕێکخستنەکانى کاژیک بوو.

بە پێى قسەى مامۆستا غەفور عوسمانى ئامە پیشمەرگەیەکى جەربەزەبوو ، قارەمان بوو چەند چالاکى گەورەى لە دژى ڕژێمى داگیرکەر ئەنجامدا بوو، بەڵام بۆچى دەستى چووە خوێنى شوعیەکانەوە ؟ ! ئایا کاژێک ئاگادار بوو لەوەى ئەو ئەندامەیان ئەو کەسانەى شوعى دەکوژێ؟دواجار ئایا تاوانى کانى ماسى لە ئەستۆى کێدایە؟بەر لەهەر شتێک دەبێت بزانین ڕووداوەکە چۆن بوە و کەسە کوژراوەکانیش کێ بون؟مامۆستا غەفور لەوەڵامدا ئەڵێت : ڕاستە شوعیەکان دەیان گوت کورد ئومە نیە و بە بەیانى باشیان ئەوت تاکە کڵاش و بە مەعاریفى کوردستانیان دەوت مەعاریفى قلیاسان ، بەڵام ئەو ڕوداوانە نەلە بەرژەوەندى کورد بوو نە کاژیکیش ئاگاداربو لێى ، کوشتنى عەلى فەرەج تۆغانى کە هاوڕێیەکى نزیکى عوسمانى ئامە بووە بە داگیرسانى فتیلەکە دانرا کە گوایا شوعیەکان کوشتویانە ، قوربانیەکانیش هیچ کام لە ئەندامانى باڵاو گرنگى شوعى نەبون بەڵکو کەسانى وەک مەلاى یاکەت بوو کە پیاوێکى هەژار بوو هەروەها عومەر عەلى دوکاندارێکى هەژارو نورى تەوالیت کە شەش مانگ بوو لە شوعى تەجمید کرابوو ، سمە پاڵەوانیش بریندار کرا کە داودەرمانى دەفرۆشت ، بەداخەوە لەو ڕووداوەوە کەسانى ناحاڵى بە کاژیکیان دەوت کورد کوژە ، کەچى خۆشیان دەبونە پیاو و چەکدارى کورد کوژە ڕاستەقینەکان . بەڵام ئایا کاژیک راستى روداوەکەى خستە ڕوو ؟ مامۆستا غەفور ئەڵێت :

داوام لەخوا لێخۆش بوو فەرەیدون عەلى ئەمین و مامۆستا فایەق عارف کرد کەبەیاننامەیەک دەربکەن و بێ ئاگایى کاژیک لەڕوداوە بخەنە ڕوو بەڵام کاژیک ئەوەى نەکرد و منیش وازم هێنا. فایەق عارف لەوەڵامى ئەوەدا دەڵێت : ئێمە پێمان باش نەبوو بەیاننامە دەر بکەین ، چونکە حیزبى شوعى بۆخۆى هیچ تاوانێکى نەخستبوە پاڵ کاژیک تا ئێمەش وەڵامى بدەینەوە ، بەڵام عوسمانى ئامە لە کاژیک دوور خرایەوە پاشان حزبى شوعى بۆخۆى ڕاستیەکانى دەزانى و دەیزانى کێ هاندەرى عوسمانى ئامە بووە بۆ خوڵقاندنى قەسابخانەکە ، ئەویش ئەوکاتەى کە عوسمانى ئامە لە 11-7-1965 دا بەدەستى جاش و جەیش شەهید دەکرێت ،ئەسپەکەى کە هەگبەیەکى لەگەڵ دابوو دەکەوێتە دەستى دوژمن ، لەناو هەگبەکەدا نامەى کەسێکى تیا بوو بۆ عوسمانى ئامە کە تەحریزى دەکات بۆ کوشتنى شوعیەکان و ئەو کەسەش گەورە بەر پرسیار و پاشان لە باڵى مەکتەبى سیاسى بووە ناوبراو لە پێناوى ئاژاوەنانەوە ئەوەى کردوە ، پیلانەکەشى سەرى گرت بارزانى فەرمانى گرتنى چەند کەسێکى دەرکرد و بران بۆ ئەشکەوتى بێتواتە کە حەمەى عەزیز یەکێک بوو لەوانەو پاشان ئازاد کرا.

حیزبى شوعى لەناو سوپادا ڕێکخستنى نهێنیان هەبوو، دەقى ناوەڕۆکى نامەکەیان لەو ڕێگایەوە پێگەیشتبوو . کۆتایى کاژیک بەخۆ هەڵوەشانەوە نەهات ، بەڵکو بەخۆ هەڵپەساردن دوایى هات ،دواى هەڵگیرسانەوەى شەڕ لە دواى 11 ى ئازارى 1974 سەرکردایەتى کاژیک( کامیل ژیر ، فایەق عارف، عەبدوڵا ئاگرین ، ئەحمەدى هەردى، فەتاح ئاغا ، فەرهاد عەبدول حەمید (پاڵەوان) ، نورى حەمە عەلى ) کۆبونەوەیەکیان سازدا و ئەو بڕیارەیان دا و جەمال نەبەزیشیان لێ ئاگادارکردەوە ، مامۆستا کامیل ژیر دەڵێت لەگەرمەى شەڕ هەڵگیرسانەوە لە شارى نەغەدە نزیکەى 30 کەس لەسەرکردایەتى و کادیرە پێش کەوتوەکانى کاژیک کۆ بوونەوەیەکیان سازدا لەو خانوەدا کە ماڵى کامیل ژیرو ئەحمەد هەردى تیا نیشتەجێ بوو کە خاوەنەکەى حاجى سەید مستەفا بوو. بڕیارى هەڵپە ساردنى کاژیکمان دا هۆى، ئەو بڕیارەش ئەوە بوو کە ئێمە نەمانویست لەبەردەم شۆڕشدا هیچ قۆرتێک دروست بێت تەنانەت باڵى مەکتەبى سیاسى دواى چەندین ناکۆکى هەمویان لە ریزى شۆرش دابوون ئێمەش هەر یەکێتیەکى بەهێزمان دەویست لە دژى داگیرکەر ، سەرکەوتنى شۆڕشەکەمان لە حیزبایەتى لا گرنگتر بوو. بەڵێ کاژیک هەڵپەسێردرا بەڵام لە پێنجوێنەوە کۆمەڵێ گەنجى نەتەوەیى بە سەرۆکایەتى شەهید ئازاد مستەفا ئەم هەنگاوەیان بە نوشوستى داناو بڕیاریان دا بە ناوى کاژیکەوە بەردەوام بن ، بەیاننامە یەکیشیان دەرکرد ، تیایدا دەرکردنى زۆربەى ئەو ناوانەیان لە کاژیک ڕاگەیاند تێبینى : لە ژمارەى ئایندەدا ئامادەین ڕاو سەرنج و بەڵگەنامە بۆ هەر کەسێک بڵاو بکەینەوە کە دەیانەوێت لەم تەوەرەدا بەشدارى بکەن و ئەم ئەڵقە گرنگەى مێژوى نەتەوەکەمان زیاتر دەوڵەمەند بکەن.

ئەمڕۆ گەندەڵى تەراتێن دەکات شەڕى گەندەڵکاران لەدژى چاودێرى دارایى
ئا: هاوبیر

ناو نیشانى هەموو دامو دەزگاکانى پێیەو یەکیەک داگیریان دەکات ،گەندەڵى لە ژێر فەرشى فەرمانگەکان لەناو بۆکسەکاندا لەناو گیرفانى بەر پرسەکاندا، لەسەر مێزى وەزارەتەکان بوونى هەیە،لەیەک شەممەوە گەندەڵى لە داو دەزگاکانمان بەردەوام دەبێت تا ئێوارەى پێنج شەمە، گەندەڵى بە شێوەیەکى هەرەمى خۆى ڕێک خستوە لە پۆلیسى بەردەگاوە کەدەمان پشکنێـت لەپرسگەوە کە مۆبایلەکانمان لێوەر دەگرێت لەباخەوانەکەوە دەست پێئەکات بەو فەرمانبەرانەى تێدە پەڕێت کە پێمان دەڵێن بەیانى وەرەوە ،کۆبونەوە هەیە تا بەو بەر پرسانە دەگات کەیارى بە چارەنوسمان ئەکەن،لەم دورگەیەدا کەگەندەڵى تیایدا حوکمڕانە شوێن پێیەک هەیە پێى دەوترێت چاک سازى و ڕیفۆرم ،ئەم شوێن پیە گەرچى کەمە کەچى گەندەڵچیەکانى تۆقاندوە ،دەنگى ناڕەزاى بەرامبەر گەندەڵچى گەرچى نزمە بەڵام دەبیسترێت کاک جەلال عومەر ساماغا (کە ئێستا سەرۆکى دیوانى چاودێرى داراییە)

نمونەیەکى بەردەستە کە ئەو شەڕە دەکات ،شەڕى دژبە گەندەڵیزم ،هەڵبەت کەسایەتیەکى بەو جۆرە دوژمنى زۆرە ،بەڵام دۆستیشى زۆرترە ،ئێمە وەک کەسانى نەتەوەیى پێمان خۆشە ئەستێرەى بەو جۆرە لە ئاسمانى وڵاتەکەمان بدرەوشێتەوە ، بۆیە ئێمەش دەنگمان لەپاڵ دەنگى مامۆستایان ئەحمەد میراو دەلى و حەمە ڕەشى هەرەس دایە کە بوێرانە بێ هیچ مەبەستێک جگە لە بەرژەوەندى کوردستان داکۆکیان لەو بەڕێزە کرد ئێمەش پێمان شەرمە لە شەرى دژ بە گەندەڵى دەستەو وسان دابنیشین تەنها تەماشاکەر بین،هەر بەوەشەوە ناوەستینەوە بەڵکو دۆستى ڕاستەقینەى ئەو کەسانەشین کەبەرەنگارى ئامێرە جەنگیە زەبەلاحەکەى گەندەڵى بونەتەوە، ئێمەش هاوسەنگەرى نمونە ئیجابیەکانین لەهەر شوێنێک بن ،هەروەها پەیامى ڕۆژنامە نوسینمان بەو جۆرەیە کەهەرگیز ئەو قەڵەم فرۆشانە بەهاو پیشەى ڕۆژنامە نوسیمان نەزانین کەماستاوچى دەستەڵاتێکى گەندەڵن ،یان لەوەش خراپتر دەیانەوێت دەنگە ڕووناکى خوازەکان کە کاک جەلال لەنمونەیانە بەدەستەڵاتە تاریکیەکەى خۆیان کپ بکەنەوە ،هەروەک چۆن بەعس کانیەکانى کۆنکرێت ئەکرد ،لێرەوە نمونەیەک لەشەڕى ڕاگەیاندنى دیوانى چاودێرى لەگەڵ ڕاگەیاندنى شارەوانى سلێمانى وەردەگرین ،کەبیبمان وایە دەبێت زۆرى لەسەر بنوسرێت تا ڕاستیەکان دەر کەوێت، ئەو شەڕە کە گەیشتۆتە دادگاش شەڕێکى ئاسایى دوو دەزگا یان دوو کەس نیە ،بەڵکو شەڕ لە نێوان دووبەرەیە ،بۆیە شەڕێکى مێژوو یە و مێژوو دەینوسێتەوەو دەیکاتە نمونەى ململانێى نێوان ریفۆرم و گەندەڵى کە هیوادارین بە دۆراندنى گەندەلِى یەک لایى ببێتەوە لێرە بۆ دەرخستنى کەسایەتى هەر بەرەیەک ئەم بەراوردە دەکەین :

1-کەسایەتى گەندەڵ زۆر ئەلێت کەم کاردەکات ،کاک جەلالى سەرۆکى چاودێرى داراى گەرچى خۆى و دەستەکانى دیوان زۆر کاردەکەن بەڵام حەز بە چاوپێکەوتن ناکەن ،چەندین کاناڵ داواى چاوپێکەوتنى لە کاک جەلال کردوە بەڵام داواکەیان ڕەت دەکرێتەوە ،چونکە پێى وایە سروشتى کارەکەیى و خواستنى خۆى و نەڕەخساندنى زەمینە ڕێگرە لەبەر دەم لێدوان و ،بەڵام سەرۆکى شارەوانى پێشو حاکم قادر هێندە عەشقى چاوپێکەوتنە ،گۆڤارو ڕۆژنامەى وەرزشى فۆلکلرى و ژنانەش بهاتایەتە قسەى بۆ دەکردن، کەبە خوێى چێشتیش ناگاتەوە بە ئیشى شارەوانى، سەڕەڕاى ئەوەش خەڵاتى ئەدانێ.

2-کاک جەلال زەوى حکومەتى وەر نەگرتوە ،ئوتومۆبیلى تایبەتى خۆى بەکاردەهێنا و ئوتۆمۆبێلى حوکومەت ڕەت دەکاتەوە و پاسەوانى تایبەتى بەخۆشى نیە، بەڵام سەرۆکى شارەوانى زەوى ئەبەخشێتەوە بەناسیاوەکانى و جوانترین ئۆتۆمۆبێلى حوکمەت بەکاردەهێنێت و بە بێ پاسەوانیش هەنگاو نانێت.

3-حاکم قادر خانوەکەى 1530 مەتلر دووجایە تەلارێکى لەسەر دروست کردوە جگە لەباخ وباخاتەکانى و ناوماڵى لە تورکیاوە بۆهاتوە،لەبەرامبەردا سەرۆکى دیوانى چاودێرى تاکەخانووى خۆشى دەبەخشێت بەوەزارەتى تەندروستى جگە لە بەخشینى ئەو زەویەى کە لەگەڵ هەموو ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانى وەریگرتوە و لەهەموو شارەوانیەکانى کوردستان ئەویشى بەخشیوە بە چاودێرى داراى .و هەڵپەى موڵک دارێتى نیە.

4- لەم وڵاتە دا ئەوەى ئینتیماى حیزبى نەبیت پەراوێز دەخرێت ،بەڵام کاک جەلال لەبەر دەستى پاکى و لێهاتوى خۆى گەرچى بێلایە نیشە بەڵام بۆ پۆستى گرنگ پالێوراوە وەک وەزارەتى داراى دەست نیشان کراوە و تەکلیفى لێکراوە ئەو پۆستە بگرێتە دەست ،بەڵام کەسێکى وە سەرۆکى شارەوانى گەر حیزبەکەى نەبێت هیچ پۆستێکى نەدەبینى .

5- چاودێرى داراى زیاتر لە 2000 ڕاپۆرتى لەسەر 720 وەزارەت و دام و دەزگاى حیزبى و ڕێکخراو ناحوکمى هەیە و بێدەنگى پاراستوەو بۆ شکاندنى کەسیى ئەوئەو ڕاپۆرتانە بەکار ناهێنێ و لە ڕاگەیاندنەکان نەباسى دەکات و نە ئاماژەیان پێدەدات ،کەچى کەچى حاکم قادر تەنها بۆ شکاندن ناوى چەند نوسەرێکى بڵاو کردەوە کە زەویان وەر گرتوە.

6-دیوانى چاودێرى هەموو وەڵامەکانى بۆ سەرۆکى شارەوانى بە بەڵگەو ژمارەبوو ،لەسەرەتادا تەنیا ڕەخنەى لە شارەوانى دەگرت ،بەڵام شارەوانى کەوتە تۆمەت دروست کردنى ڕەخنە گرتنى شەخسى بۆ ئەوەى مەسەلە گشتیەکان لە بیر بچنەوە بەڵام لەمەشدا سەر نەکەوت بەڵکو شکستێکى ترى خواردو هێندەى تر ژێرى بەرەکە بۆ خەڵکى دەرکەوت. دەستخۆشى لەهەر تیشکێک دەکەین شەوە زەنگى گەندەڵیمان بۆ ڕادەماڵن لەکاتێکدا گەندەڵچیەکان لە تیرۆرستەکان زیاتر بە خوێنى توخمە ڕەسەنەکانى وڵاتەکەمان تینون ئێمە پشتیوانى ڕاستە قینەى ئەو کەسانەین کەبەڕاستى ئاڵا سپیەکەى چاکسازى و ریفورم بە دەستیانەوە ئەشەکێتەوە. 7-داواى ابعافى لەوەزیرەکەى کردوە لەوکاتەى کە وەکیلى وەزارەتى داراى بووە تازەترینیان 10/1/2007 لە پۆستەکەى 10/10/2007.کەمکردنەوەى مەعاشى کردوە بەبەردەوامى زیاتر لە دوو هەزار کە زۆربەیان ئاڕاستەکردن و تەوجیهیە لەهەموو بوارەکان.

هاوڵاتى : پێشێلى نەریتى رۆژنامەگەرى دەکا

د. ئەحمەد میراو دەلى

لەساڵى 1997 دا لە ئەمەریکا جۆرنالیستان خۆیان کۆمیتەیەکیان،پێکهێنا بۆ داڕشتنى پێناسەیەکى مۆدێرن بۆ جۆرنالیزم و دەستنیشانکردنى هێڵە سەرەکیەکانى کارى جۆرنالیستى و هەروەها داخوازى هاوڵاتیانیش لە جۆرنالیزم چیە. لە کۆنگرەیەکدا دوا گوێگرتن لە سەدان جۆرنالیست وهەڵسەنگاندنى سەدان ڕاپۆرت ، پێناسەیەکى مۆدێرنیان بۆ جۆرنالیزم داڕشت و ویژدان و هێڵە سەرەکیەکانى جۆرنالیزم و چاوەروانکارى جەماوەریش لە جۆرنالیزمیان لەچەند خاڵێکدا کۆکردەوە و ناویان نا (ئێپیک و ستاندەردى جۆرنالیزم)بەواتاى پێوەرو ویژدانى ڕۆژنامە گەرى . جۆرنالیستانى کوردستانیش وەک لاسایى عارەب ناویان ناوە (میساقى شەرەفى کارى ڕۆژنامەوانى ) وەک ئەوەى لە زمانى کودیدا زاراوە نەبن بەرامبەر بە»میساق و شەرەف» وەلێ ئەوەیان مەبەستى ئەم نوسینە نییە. مەبەستى جۆرنالیزم چییە؟ جۆرنالیستانى ئەمەریکا لە کۆنگرەکەیاندا گەیشتنە ئەو ئەنجامەى کە مەبەستى سەرەکى جۆرنالیزم ؛پێشکەش کردنى هاوڵاتیانە بەزانیارى بڕوا پێکراو کە داخوازى کارابوونى ڕۆژانەى هەموو کەسێکە لە کۆمەڵگایەکى ئازاد دا. ئەمەش بۆ هەر لایەنێکى جۆرنالیزم و هەر جۆرنالیستێکیش ژمارەیەک ڕۆلى بێ ئەندازە لەخۆ دەگرێت …

لەوانەش دەستنیشانکردنى داخوازیە هاوبەشەکانى ئەو کۆمەڵگەیە وپاسەوانى بەرژەوەندیەکانى هاوڵاتیان و هەروەها دەنگى بێدەنگەکانیش بێت…هتد.کۆمیتەکە ئەرکى جۆرنالیزمى لە نۆ خاڵدا دەست نیشان کردووە و چاوەڕوانی هاوڵاتیانیشى لە ڕۆژنامە گەرى لە شەش خاڵدا خرکردۆتەوە کە زۆربەیان هاوبەشن. جا بۆ ئەوەى درێشدادڕى نەکەم ، چەند خاڵێکى هاوبەش دەخەمە بەرچاو کە پەیوەندیەکى ڕاستەوخۆى بەباتەکەوە هەیە . خاڵەکانیش ئەمانەن. یەکەمین ئەرکى جۆرنالیزم ؛ ڕاستگۆییە . دووەمین ئەرکى ؛ دڵسۆزى یە بۆ جەماوەر . سێیەم ؛بێ لایەنیە، بەواتاى لایەنى هیچ کەس و پارت گرووپى ئیتنى نەگرێ . چوارەم؛ دەبێت بێلایەنگرى چاودێرى دەسەڵات بکات لەبەر ئەوەى توانایەکى باشى چاودێرى کردنى ئەوانەى هەیە کە پلەو دەسەڵاتیان کاریگەرە لەسەر دانیشتوان. پێنجەم ؛ دەبێت سەکۆیەکى ڕەخنەو نزیک بوونەوە لەیەکدى بێت. شەشەم دەبێت هەوڵى دیار یکردن و دەرخستنى شتە گرنگەکانى هەبێت کە پێوەندییان بە ئایندەى کۆمەڵگەوە هەیە و دەبێت سەرگروشتەى ڕۆژنامە مەبەستدار بێت. بە هۆى ژێردەستەیمانەوە ئێمەى کورد جگە لە ڕۆژنامەگەریەک ئەویش بە درێژایى تەمەنى ، هەتا دواى ڕەوى دانیشتوانى باشورى کوردستان و سەپاندنى هەرێمى ئارام –نۆ فلاى زۆن- تەنیا بریتى بووە لە ڕۆژنامەى پارت و شاخ و یاخى و یاساخ.شتێکمان نەبووە بەواتا بەر فراوانەکەى جۆرنالیزم (ڕادیۆ ،گۆڤار ، تەلەفیزیۆن ، فیلم»ى کوردى ……..هتد)

ئێستاش لە باشورى کوردستاندا جۆرنالیزم قۆناخى ڕۆژنامە گەرى شاخ و ژێرەکى و یاساخى تێپەڕاندووە و هەتا ئاستێک لەو هەرێمە دا هەل و مەرجى میدیاى ئازاد و سەربەخۆ ڕەخساوە .جا بۆ پەرە پێدان و بەر فراوانکردنى ئەو ئازادى و سەربەخۆییەى کارمەندانى میدیا ،بە تایبەتیش ئەوەى کەرتى ڕۆژنامەگەرى بەتەمایەتى کە دەەوێت وەک وڵاتانى ڕۆژئاوا ببێتە دەسەڵاتى چوارەم دەبێت کرداو هەڵوێستى ڕۆژنامە گەران و ڕۆژنامەکانیش وەک ئەوانەى ڕۆژئاوا سەردەمیانە بێت هەتا بەهانەى دەسەڵات لە سنور دار کردنى دەربڕینى دەنگى ئازاد ببڕن. وەلێ پرسیار ئەوەیە ،ئایا جۆرنالیزمى کوردستانى ،بەتایبەتیش ڕۆژنامەگەرى دەتوانێت ئەو هەنگاوە بنێ و بێ پاڵپشتى حیزبێک یان دەسەڵاتدارێکى حیزبى بژێوى خۆى دابین بکات جێگەى بڕواى جەماوەر بێت؟بەش بەحاڵى خۆم لەو باوەڕەدانیم ،چونکە بابەتى وا لە هەندێ حەفتە نامەو ڕۆژنامەى کوردستاندا دەبینین کە نەدەبوو بگاتە سەر ڕوو پەڕەکانیان،رەنگە راپۆرتەر و سەر نووسەرى ڕۆژنامەکەش واژویان لەسەر «میساقى شەرەفى ڕۆژنامەگەرى کوردستانیش کردبێت ،کە لەسەرەتاى هاوینى ئەمساڵدا لە هوتێلى چوارچرا لە هەولێر ژمارەیەک ڕۆژنامەوان ، دایانڕشت 1. هەفتەنامەى هاوڵاتى ؛کە بەڕەواجترینە لە نێو ڕۆژنامە هەفتەنامەکاندا ولەگەڵ ئەوەشدا کە ئاگاداریەکى تەواوە لە ڕوونکردنەوەکانى سەرۆکایەتى دیوانى چاودێرى دارایى سلێمانى ،وەلێ بەبێ بەدواداچوون چەواشەکارییەکانى بەناو ڕۆژنامەگەرییەک کە هیچ ڕەوشتێکى نوسینى لەخۆ نەگرتوە بە سنگێکى فروانەوە پەخشان دەکات، ئەو جۆرە نوسینە بێ سەرو بەرە دوور لە ڕەوشتى ڕۆژنامەگەرى وە پر لە تیل و توانج تەشەڕو چەواشەکارییانە.

لە ڕۆژنامەگەرى ڕۆژئاواى دا جگەلە زبڵدانەکانیان لە هیچ شوێنێکى دیکەدا جێگەى نابێتەوە و لادانیشە لە نەریتى ڕۆژنامەگەرى . ئەوانەى بەهۆى ڕاپۆرتەکانى دیوانى دارایى «سلێمانى » یەوە زەرەرمەندو ڕسوابوون ،ناچارن درێژە بە درۆو بوختانەکانیان بدەن ،ئەى ئەگەر وانەکەن چى بکەن ؟وەلێ پرسیار ئەوەیە ڕۆژنامەى هاوڵاتى بۆ ئاوا ڕەواج بەو درۆو بوختانانە دەدات ؟ ڕۆژنامە دەبێت بەتەنگ متمانە و ناوزڕاندنى خۆیەوە بێت هاوڵاتى کە ئاگادارى ڕونکردنەوەکانى سەڕۆکایەتى دیوانى چاودێرى دارایى سلێمانى یەو لەهەمان کاتدا چەواشەکارى ئاوا زەق وەک ئەوەى ژمارە 360 ى ڕۆژى چوارشەمەى ڕێکەوتى 3/10/2007 بڵاو دەکاتەوە ، بەڕاستى خۆى دەخاتە بەر پرسیارەوە ، پرسیارى ئەوەى لە نێوان بەرەى گەندەڵ کاران و چاکسازاندا کامیانى هەڵبژاردووە؟بۆ پێشێلى نەریتى ڕۆژنامە گەرى دەکات . ئەگەر پاساوى هاوڵاتى ئەوەیە کەجێگەى دەنگى ئازادە بۆیە ئەو وتارانە بڵاو دەکاتەوە ،ئەى بۆکاتێک من وتارەم بۆ ناردن ،کەئێستا بەتۆزێک گۆرانکارییەوە بۆ ئەوەى بۆ بڵاوکردنەوەى لە سایتە ئەلەکترۆنیەکاندا بشآ بڵاوى نەکردەوە؟ ئایا ئەمەش پێشێل کردنێکى دیکەى نەریتى ڕۆژنامەگەرى نیە؟

هیوادارم لەمەو دوا بەرپرسانى هاوڵاتى وە هەموو ئەوانەى لەمیدیاى کوردستانیدا کاردەکەن ، ئەگەر دەیانەوێت ببنە دەستەڵاتى چوارهەم و خزمەتى گەلە بەشمەینەتەکەمان بکەن، زیاتر لە ئێستا وەک میدیایەکى ڕۆژئاواى لەپێناو پاراستنى مافى گشتى و پێشەوە چوونى ڕۆژنامەگەرى کوردستانى دا ڕەفتار بکەن و تەکان بە جۆرنالیزمى کوردستانى بدەن بۆ ئەوەى بێتە دەستەڵاتى چوارهەم و هیچى دیکە بێ بەدوادا چوون ووتارى چەواشەکار بڵا و نەکەنەوە . لە کۆتایشدا دەپرسم ئەگەر لایەنێکى میدیا هێندە سنگ فراوان نەبێت گلەی و ڕەخنە لەسەر خۆى قبوڵ بکات ، ئەى بۆ لۆمەى دەسەڵات دەکات؟ چۆن دەوێرێت داواى ئەوە بکات؟جەماوەر بیکاتە دەستەڵاتى چوارهەم؟ تێبینى: 1. بۆ زانیارى د. ئەحمەدو خوێنەرانیش گروپى راچەنین کە گروپێکى رۆژنامەوانیە لە هاوینى 2007 لە هوتێل چوارچراى هەولێر بە ئامادەبوونى زیتر لە 100 رۆژنامەنووس پەیمانى کارى رۆژنامەنوسییان دارشت و ناویا نا پەیمانى کارى رۆژنامەنووسى کوردستان نەک میساقى شەرەف
———-
بابەتی لاپەڕە حەوتی ژمارە ٢٨ کانوونی دووه‌م ٢٠٠٨

Entry filed under: Uncategorized. Tags: .

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


گاه‌شمار

اوت 2009
M T W T F S S
     
 12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31  

Most Recent Posts


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: